2008/4/18
نوێکردنەوەی بڵاگ

بةريزان بؤ جاريكى تر هاتينةوة خزمةتتان

نووسینی: ‌ سالار ڕێکه‌وتی 14:08 | چینی: دیاری نه‌کراو
به‌سته‌ر | بۆ که‌سی‌تر | بۆچوون (0) | تێبینی تۆ ؟
2007/7/5
لە چلەی شەهیدانی تەقینەوە تیرۆرستیەکەی مەخموور

لە چلەی شەهیدانی تەقینەوە تیرۆرستیەکەی مەخموور

13/5

                             مەخموور           سالار سیامەند

 ئەمرۆ مەخموور

 لە ناو تەمی شیوەنێکا

 دەزودەزو ئەبێتەوەو

 پەڵە هەورێکی چڵکنی بیابانی

 بەسەر سەریەوە هاوار ئەکاو

 ئەگرمێنێ

 ئەمڕۆ مەخموور

 درەختێکی زەردهەڵگەراوی پایزەو

 رەشەباێێ

 بە هەناسەی تەنگ و سواری

 سەدە مردووەکانی نێو تابووت

 گەڵا گەڵای ئەوەرێنێ

 ئەمڕۆ مەخموور

 گڕی گرتووەو

 وەکوو تەنوور

 وەکوو ناخی

دایکی شەهیدی بێ لاشەو بێ جلو بەرگو ناسنامە

 گڵپە ئەکاو ئەیسوتێنێ

ئەمڕۆ مەخموور

 لە بێنازی

 لەوپەڕ سنووری کوردستان

 تێر تیر چاوی ئەبڕێتە باڵای نیشتمان

 سەر بە باسکی مێژوو ئەکاو

 سەرخەوێکی تیا ئەشکێنێ

 ئەمڕۆ مەخموور

 توورەگەێێکی تۆزاوی پڕ لە هەنسکووحەسرەتەو

 لەسەر زەمینی غوربەتا راکشاوەو

 هێدی هێدی

 چاوی کزی کزتر ئەبێو

 ئەینووقێنێ

ئەمڕۆ مەخموور

 پیرەژنێکی کەنفتی لاتو شڕەو

 هەر ئەوەندەی نوسکەیێکی تیادا ماوە

بە دیار لاشەی کوڕە تاقانەی شەهیدی

هۆن هۆن فرمێسکی ئاڵتوونی ئەبارێنێ

 ئەمڕۆ مەخموور

 ئەسپێکی زامدارو یاخی دوای ئەنفالەو

 ئەوەندەی تینی تیا ماوە

مل بائەداو

 قاچ ئەکوتێو

ئەحیلێنێ

 ئەمڕۆ مەخموور

 مەخموورەکەی جاران نییەو

 خۆڵو خاشاکو درەختو

 شۆستەو شەقامی سووتاوەو

 ئاسمانیشی لێ تەنراوە

2

 فەرەیدوونو هەژار

 ئەمڕۆ فەرەیدوونو هەژار

 بزەیەکیان بۆ کردینو

پێان وتین

 گیانی ئێمە

 بەردەبازی دەستکەوتەکانی ئێوەیە

 ئێمە دەڕۆین

رۆحمان پەپوولەیێکی رەنگینەو

 بەرەو باخی پڕ لە گوڵ و

 چواردەوری گڵۆپی ناوماڵتان بەڕێوەیە

 پیان وتین

 ئێمە دەڕۆین

 ئیتر لە ئەستۆی ئێوەیە

 ئارامی شار

 ئایندەی شەقامو بازاڕ

  3

 ئیبراهیم

 وەستای گەچکار

 کۆتریکی سپی یاخی بوو

 لە پەڵەی رەشو تۆزاوی جەستەی ئێمە

 بە ناو تونێڵی تاریکی وجودمانا تێئەپەڕی و

 رەنگی جوانیو میهرەبانیو پاکیزەیی پێ ئەبەخشین

 بێ حەوسەڵە

 چاوەڕوانی شاگردێ بوو

 بەیەکەوە شار بۆیەکەن

کۆڵان کۆڵانو بست بستی ئیستاتیکا

 بە فڵچەکانی دەستیانا

 بە هیزی بازویان تەی کەن

 هەر چاوەڕێ بوو چاوەڕێ

جگەر گۆشەکەی ببینێو

 تێر تێر لە باوەشی بگرێ

 ئەو رۆیشتوو

 کۆرپەلەیێ سەر دەردێنێ

 جەستەی بابە

تازە ئەنجن ئەنجن بووەو

 پێڕا ئەگا

 بە زیڕيیێ

 فاتیحایێک لە تازیمانەکەی بخوێنێ

 4

نووسینی: ‌ سالار ڕێکه‌وتی 02:03 | چینی: دیاری نه‌کراو
به‌سته‌ر | بۆ که‌سی‌تر | بۆچوون (0) | تێبینی تۆ ؟
2007/6/1
شیعر رێبازی من سالار سیامەند

شاخ دەمێ بوو

بە گازاندە

هەواڵی دەپرسی

غەریبی

هەڵۆ زامدارەکانی

بە تۆ دەڕەویەوە

گوێی بۆ دەنگە

زوڵاڵەکەت هەڵخستبوو

چاوی دەبڕیە شارەکان

باڵا بەرزێک

تۆزێک خۆی بۆ لارکاتەوەو

بە بزەێیکی جوامێرانە

لە میحرابیا بەچۆک دابێو

دوو کتێبی پڕ لە نەفرەت

لە تاڵاوی براکو‌‌‌‌‌ژی

بە هێواشی لە ناو باوەشیا دانێ

نەوەک برین

قەتماخەشی ساڕێژ ببێ

شەوی تاریک

هەواڵی دەپرسی

بیری بۆ دەنگی کلاشنکۆفو

زرمەی ئارپیچی دەچوو

هەر ئۆخەی بوو

رێبازی من

لە سەرجەمی داستانەکانی

کوردستان

شەهید نەبوو

هەر ئۆۆۆۆخەییی بووووو!

20/6/1994

مەخموور

نووسینی: ‌ سالار ڕێکه‌وتی 01:10 | چینی: دیاری نه‌کراو
به‌سته‌ر | بۆ که‌سی‌تر | بۆچوون (1) | تێبینی تۆ ؟
2007/5/27
خۆشم دەوێی شیعر سالار سیامەند

خۆشم دەوێی

خۆشم دەوێی

وەک چۆن درەخت

گەڵاکانی خۆی خۆش دەوێ

بەوەرینیان

نەوەک کۆستێ

هەزاران کۆستی ئەکەوێ

خۆشم ئەوێی

وەک چۆن جەستەی بێ پەناگەی

هەڵ لەرزیوی

دەم بەگریان

لە شەوانی پڕ بەفرو بارانی زستان

کولانەێی و

پێخەفێکی دەست ئەکەوێ

خۆشم ئەوێی

چۆن داستانی سۆزو ئەوین

بەدوای چیرۆکی دوو دڵدار

چرکە چرکەو

سات لەدوای ساتی نێو دیرۆک

تاوێ دانیشتن نازانێ

خۆشم ئەوێی

خۆشەویستی

سنوری دەریاو ئۆقیانوس

ئێرەو ئەوێو

مان و نەمان

بەگرفتی خۆی نازانێ

خۆشم ئەوێی

گرنگ نییە

کێ ئەیزانێ و

کێ نایزانێ

خۆشم ئەوێێێێێێێێێی.

10/1/2005

 

نووسینی: ‌ سالار ڕێکه‌وتی 01:00 | چینی: دیاری نه‌کراو
به‌سته‌ر | بۆ که‌سی‌تر | بۆچوون (0) | تێبینی تۆ ؟
2007/3/21
کەفا شیعر سالار سیامەند

(کەفا)

ئێمەوی دوو گرێ کوێرەی ئاڵۆز

هەموو کۆڵانەکانی شار بکەین

سەربردەمان دوایی نایێ

لە شەوانی سەهۆڵبەندانی کەفاوە

پاکیزەییمان لەدەست چوو

پڕیان کردە

تورەکەی پیرۆزییەکانمانو

هەڵیان تەکاند

ئەو شەوانە

ئێستاش

خۆیان نیشانی هیچ کەس نادەن

شمشێرەکان

بەسەرسەرمانەوە

زیڕەیان هەردوکمانی تۆقاندبوو

دوو جمکە شەو

کە ئێستاکەش

تاریکیان

هەناسەیان

چرکەی میلی

کاتژمێرەکانی سەر سنگیان

هەمان وزەو تینیان تیایە

ئێمەی گوناهی بەر باران

لە خاچ دراین

کەچی کەسێک

ئێمەی هەڵنەکێشایە ئاسمان

****

بە جووتە

لە کۆڵانەکانی خۆشەویستی

لەبەر بارانی خۆشەویستی

لە ژێر چەتری خۆشەویستی

بەسەر جۆگەلەکانی خۆشەویستی

بازمان دەدا

ئێمە دوو کۆتری گوناهی ئەم دەڤەرە بوین

بەترسەوە

یەکتریمان دەخوێندەوە

****

لە قوتبەکان

لەژێر چادرێک

خۆمان گرمۆڵە کردبوو

بەدیار ئاگری عەشقەوە

کە نێوچاوانمانی دەسووتان

چرایەکیشمان داگیرساند

لە ئەڤینو

سفرەیەکیشمان رازاندەوە

لە جۆرەها خواردەمەنی خۆشەویستی

****

پەیڤەکانم

لە چریکەی

چۆلەکەیەکی ماندوو دەکەن

هەرچوار دەوری

بە مناڵی ورد تەنرابێ

یا لە

نووسینی: ‌ سالار ڕێکه‌وتی 23:53 | چینی: دیاری نه‌کراو
به‌سته‌ر | بۆ که‌سی‌تر | بۆچوون (1) | تێبینی تۆ ؟
2007/3/20
جەژنە پیرۆزە نەورۆز
جەژنی نەورۆز لە تیکرای گەلی کورد پیرۆز
(نەورۆز) 
سەمای گرێ
بەم ئێوارە
چڕە دوکەڵێ ڕاودەنێ
تاکو لە نێو
باوەشی 
 ساردی تاریکی
بزر دەبێ
لە نساریا
سیناریۆیەکی ژاراوی
لەمەڵبەندی
خەمە ریشسپییەکان
دەدوێ.


 

نووسینی: ‌ سالار ڕێکه‌وتی 03:44 | چینی: دیاری نه‌کراو
به‌سته‌ر | بۆ که‌سی‌تر | بۆچوون (0) | تێبینی تۆ ؟
2007/3/20
وشەکان شیعری سالار سیامەند

                               وشەکان

وەکوو شاعیرێکی نەخۆش

بەبن دیواری نوکەوە

بەشێواوی

دەبن بەکۆمەڵی ماناو

هێدی  هێدی

بۆ نێو لاپەڕەی دەفتەرێ

دزە دەکەن

نووسینی: ‌ سالار ڕێکه‌وتی 01:48 | چینی: دیاری نه‌کراو
به‌سته‌ر | بۆ که‌سی‌تر | بۆچوون (1) | تێبینی تۆ ؟
2007/3/20
سێ مەعشوقە

سێ مەعشووقە

دەستی سێ شاعیریان گرتو

بە پەیژەکانی گەورەییدا سەریانخستن

چوارەمیشیان

بەڕێوەیە           1/1/2003



 

نووسینی: ‌ سالار ڕێکه‌وتی 01:18 | چینی: دیاری نه‌کراو
به‌سته‌ر | بۆ که‌سی‌تر | بۆچوون (0) | تێبینی تۆ ؟